موو ناپسێنم
چهارشنبه, ۱۱ دی ۱۳۹۸، ۰۸:۴۳ ق.ظ
موو ناپسێنم
ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم
کەچی ئێستا لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم
***
ژیانم پڕ لە ڕەنجە و نامرادی
بە ھەڵکەوتیش نەھاتم تووشی شادی
دڵم ھێند تەنگە ھەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی
***
قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەھاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لەناو کوردا نەبوو پەیمان شکاندن
لەکوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی؟
***
ئەگەرچی ڕۆیی، قەت ناچی لە یادم
دەکەم یادت، بەیادی تۆوە شادم
کە بارگەت بۆ ھەوار تێک نا عەزیزم
شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم
***
شەوانە ھاونیشینی جامی بادەم
بە بادە با پەژارە و غەم بە با دەم
کە دەستی ڕۆژگار بای دا سەری من
سەری شووشەی شەراب وا چاکە بادەم
۹۸/۱۰/۱۱