ئارەزووی فڕین ماموستا هیمن
ئارەزووی فڕین
ژین بە یەخسیری و دیلی بێ کەڵکە بۆیە لەمێژە لە ژینم تێرم
گوزەران بۆ من لەناو ئەم خەڵکە سەختە، ناخۆشە، چۆنی ڕابوێرم
***
ھێزم لێ بڕا تاکەی دەربەرم لەناو مەینەت و دەردی سەرزەمین
ئەوە بەینێکە کەوتۆتە سەرم بیری ئازادی و ئارەزووی فڕین
***
بەڵام داخەکەم نیمە باڵ و پەڕ کە بفڕم، بڕۆم خۆم بدەم نەجات
بچمە شوێنێکی لێی نەبێ بەدفەڕ لەباوەش بگرم نۆبووکی ئاوات
***
ئەی سروە باکەی بەیانی! وەرە بە شنەشن و پشووی خۆت توندکە
لەسەر ئەو دونیا نەویەم لابەرە ھەتا دەتوانی ئەمن بڵندکە
***
نانا ھەورەڕەش! ئەوڕۆ نەوی بە لەو بەرزانەوە وەرە بەرەو خوار
کەم کەمە وەرە ڕێکی زەوی بە لەسەر پشتی خۆت ئەمن بکە سوار
***
ئەوجار ھەستەوە بڕۆ بەرەو ژوور مەوێستە ھەتا تەشکی ئاسمان
بمبەرە نیزیک ئاسۆی جوان و سوور نەجاتم بدە لە کاولی خەمان
1949 شیلان ئاوی