دکلمه ی کوردی فرمێسکی گەش
قەت لە دنیادا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم مات و داماو و پەشێو و بێکەس و چارەڕەشم
سەردەمێک ئاوارە بووم و ماوەیێکیش دەسبەسەر نەمدی ڕووی ئاسوودەیی، ھەر تووشی گێرە و قەڕقەشم
دابی کوردی وایە، کەس لاگیری لێقەوماو نییە بۆچی سەرکۆنەی بکەم لێم زیزە یاری مەھوەشم؟
تیغی بێ مەیلی و جەفای ئەو نازەنینە دڵڕەقە جەرگی لەت کردم بەجارێک ئەنجنیویە سینەشم
کوشتمی و شەش خانی ئوممێدی لەمن گرتن حەریف مۆرە ھەڵداوێم و بێھوودە بەھیوای دووشەشم
نابینی زەردە لەسەر لێوی کەسێ لەم شارەدا گەر خەم و دەردی دڵی خۆمیان بەسەردا دابەشم
خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی ھەر ئەژنۆکەمە بۆیە ڕۆژ و شەو وەھا گرتوومەتە نێو باوەشم
نایەڵێ دوژمن بەڕەنگە زەردەکەی من پێکەنێ تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسکی گەشم
شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز کوردە موحتاجی محەک نیم زێڕی بێ غەلل و غەشم