گریانی نیوەشەو
شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو خەڵک نووست و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ دەڵێی ھەر زیندەوارێکی ھەیە لەو دێیەدا دەمرێ
لە ھیچ لا خشپەیەک نایە، چرای ماڵێکی ناییسێ بەئەسپایی لە ماڵ دێمە دەرێ دەخوشم وەکوو نیسێ
تەک و تەنیا بەئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ بەدڵتەنگی و کز و خەمناکی ڕادەکشێم لەسەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و ھەڵدەمژم شنەی شەوبا شەو و بێدەنگی چەند خۆشە، ھەمیشە خۆزگە ھەر شەو با
وەکوو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم ھەتا بۆیان بەیان کەم موو بەموو ڕازی دەروونی خۆم
کوڵم ھەڵدەستێ ئەو جارە و لەبەر دەردم دەناڵێنم ھەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم
شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە دەسووتێنی وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە
بەڵێ گریانی نیوەی شەو دەکا ناسۆری دڵ مەرھەم کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم